پایتەخت

هەوڵی کوشتنی کاندیدێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق درا

هەوڵی کوشتنی کاندیدێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق درا
کورتە

دوای تەنیا سێ ڕۆژ لە تیرۆرکردنی کاندیدێکی پەرلەمانی عێراق هەوڵی کوشتنی یەکێکی دیکە درا

لە بەغدا هێرشکرایە سەر نووسینگەی کاندیدێکی هاوپەیمانی عەزم و کەسێک بریندار کرا.

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە شارۆچکەی یوسفیەی عێراق هێرشێکی چەکداری کرایە سەر نووسینگەی موسەننا عەزاوی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی (هاوپەیمانیی عەزم) بۆ پەرلەمانی عێراق.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکەدا موسەننا عەزاوی توانیویەتی خۆی دەرباز بکات بەڵام یەکێک لە براکانی بریندار بووە.

دوای ئەم هێرشە، ئەم کاندیدەی (هاوپەیمانیی عەزم) ڕایگەیاند: "ئیدانەی ئەم هێرشە و ئەو کارانەی دوای هێرشەش دەکەین، وەک وێنەگرتن، ناوزڕاندن، هەڕەشە و هەوڵی سوکایەتیکردن، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕەوشت و بەهاکانەوە نییە، هەروەها دووپاتی دەکەینەوە، ئەم کارە نامۆیانە ناتوانن لە خزمەتکردنی کەسوکارمان و وەستان لەگەڵیاندا بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە، ساردمان بکەنەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، تەنیا سێ ڕۆژ لەمەوبەر سەفا حوسێن مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی حزبی (هاوپەیمانیی سیادە) بۆ پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ئۆتۆمبێلەکەی تەقێنراوەتەوە و کوژرا.

18 تشرینی یەکەم 2025 09:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025