بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە دوو ژن خنکان

بەلەمێکی کۆچبەران لە یۆنان نقووم بوو و 2 ژن گیانیان لەدەستدا
بەلەمێکی کۆچبەران درەنگی شەوی ڕابردوو لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی خیۆس بە 29 کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوت.
ئەمڕۆ هەینی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاند، لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی خیۆس بەلەمێکی کۆچبەران بە 29 کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوت، لە ئەنجامدا دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، کە هەردووکیان ژنن.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان توانیویانە 27 کۆچبەر رزگار بکەن و بیانگوازنەوە ناوەندی پێشوازی لە کۆچبەران لە دوورگەکە.
بەگوێرەی حکومەتی یۆنان، 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 16 هەزار و 290 کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکەیان، کە زیاتر لە 14 هەزار و 600 یان بە دەریادا بووە، هاوکات هەمان ماوەی پار ساڵ 60 هەزار کۆچبەر چووبوونە یۆنان.
جێی باسە دوورگەی خیۆس لە دەریای ئیجەیە و تەنیا 7 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە، ئەم دوورگەیە پێنجەم گەورەترین دوورگەی یۆنانە.