قاچاخچییەکی کورد لە بەریتانیا دەستگیر کرا

ئەو قاچاخچییە کوردەی سەدان کەسی ناردە ئەوروپا دەستگیرکرا و سزا دەدرێت
دادگەی بەریتانیا قاچاخچییەکی کوردی دەستگیر کردووە، کە بەرپرس بووە لە خنکانی دەیان پەنابەر و گواستنەوەی سەدان کەس بەرەو ئەوروپا.
دادگەی بەریتانیا کوردێکی دانیشتووی شاری لەندەنی بە ناوی محەممەد عەلی نەریمان، ناسراو بە حەمە کەلاری دەستگیر کردووە و ڕایگەیاندووە، حەمە کەلاری قاچاخچیی گەورەی مرۆڤ بووە، دەستی هەبووە لە گواستنەوەی سەدان کەس بۆ ئەوروپا و دەیان کەس بەهۆی ئەوەوە گیانیان لەدەستداوە.
دادگەی بەریتانیا دوای دەستگیرکردنی حەمە کەلاری ڕایگەیاندووە، ناوبراو سەدان کەسی بەشێوەی قاچاخ و مەترسیدار لە عێراق، ئێران و ئەلبانیاوە بەرەو ئەوروپا گواستووەتەوە، تۆڕێکی بەرفراوانی لە قاچاخچێتی هەبووە، کە بە پاس، بارهەڵگر و بەلەم خەڵکی بۆ بەریتانیا و ئەوروپا گواستووەتەوە.
دادگەی بەریتانیا دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕێگای مۆبایلەکانی کەلاری و بەلەمێکەوە دۆزیویانەتەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆیان دەرکەوتووە، کە حەمە کەلاری بەرپرسیارە لە خنکانی چەندین کەس لە ئاودا و دواین نموونەش بەلەمێک بووە، کە لە کەناڵی بەریتانیاوە پەڕاندوویەتییەوە، بەڵام سەرجەم سەرنشینەکانی نقوم بوون.
دادگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێکی دیکەش لەگەڵ حەمە کەلاری دەستگیر کراوە و دوای دوو مانگی دیکە سزای یەکجاریان بۆ دەردەچێت.