عێراق ئاوارەکانی دەگەڕێنێتەوە؟

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان
لەپێناو گەڕاندنەوەی خێرای ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ واژۆ کردووە.
لەدوای ساڵی 2014 و سەردەمی هێرشی داعش بۆ سەر چەندین ناوچەی عێراق، تاوەکو ئیستاش بە هەزاران کەس و سەدان خێزانی عێراقی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و لە کەمپەکانی دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی ڕەسەنی خۆیاندا دەژین، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و نەبوونی خزمەتگوزاری و چەندین گرفتی دیکە.
لەپێناو گەڕاندنەوەی خێرای ئەو هاووڵاتی و خێزانە عێراقییانە لە کەمپەکانەوە بۆ زێدی خۆیان و دڵنیابوون لە تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، حەسەن خەوام گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاندووە، وەزارەتەکەمان یادداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ واژۆ کردووە، کە هاوکار دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی خێراتری ئاوارەکان.
حەسەن خەوام ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاووڵاتییانەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، پیشەیی و چەندین لایەنی دیکەوە هاوکارییان دەکرێت، ئەمەش بەمەبەستی ئاسانکاری و دەستپێکردنەوەی دووبارەی ژیان لە ناوچە و زێدی خۆیان، هاوکات ئەمە دەبێتە هۆی سەقامگیری لەو ناوچانە و دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدرێت، کە بتوانن ژیانێکی باشتریان هەبێت.