عومرەکارێکی کورد لە سعودییە کۆچی دوایی کرد

ئەوە دەیەمین عومرەکاری کوردە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سعودییە کۆچی دوایی بکات
عومرەکارێکی کوردی تەمەن 88 ساڵان لە کاتی گەڕانەوەی لە سنووری عەرەعەری سعودییە کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، عومرەکارێکی کورد بە ناوی (مەلیحە ئەحمەد عەلی خان) دوای ئەنجامدانی سونەتی عومرە و لە کاتی گەڕانەوەی لە سنووری عەرەعەری سعودییە کۆچی دوایی کرد.
هەر بە گووتەی کاروان ستوونی، ئەو عومرە کارە کوردە تەمەنی 88 ساڵە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە، وا بڕیارە دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، ئەوە دەیەمین عومرەکاری کوردە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سعودییە کۆچی دوایی بکات، هاوکات ئەمە یەکەم عومرەکاری کوردە کە لە دوای بە جێگەیاندنی سونەتی عومرە، بتوانرێت تەرمەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەخاک بسپێردرێت.