ئەحمەد شەرع لە مۆسکۆیە و داوای ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد دەکات

ئەحمەد شەرع بە سەردانێک گەیشتە ڕووسیا و داوای ڕادەستکردنی بەشار ئەسەد لە پوتین دەکات
ئەحمەد شەرع بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆ و داوای ئەوە دەکات، ڕووسیا بەشار ئەسەدیان ڕادەست بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد، شەرع سەرۆكی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا و بڕیارە لە کۆشکی کرێمڵن لەگەڵ ڤڵادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا ناسراو بە سانا بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئابوورییەکان بەتایبەتی سەرمایەگوزاریی ڕووسیا لە سووریا، نۆژەنکردنەوەی بنکە سەربازییەکان، دانانی بنکەی نوێی سەربازیی ڕووسی لە سووریا و پڕچەککردنی سوپای سووریا، سەرەکیترین بابەتەکانی کۆبوونەوەکەی شەرع و پوتین دەبێت.
هاوکات هەر ئاژانسی سانا و چەند سەرچاوەیەکی دیکەش باسیان لەوە کردووە، کە ئەگەری زۆرە ئەحمەد شەرع داوای ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا لە پوتین بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەسەر ڕادەستکردنەوە یان بەپێچەوانەیەوە لەلایەن ڕووسیاوە دەست نەکەوتووە.
بەشار ئەسەد لە کاتی دەسەڵاتدارییدا هاوپەیمانی ڕووسیا بوو و دوای کەوتنی ڕژێمەکەی بەرەو مۆسکۆ هەڵهات و ئێستا لەوێ ژیان بەسەر دەبات، لەدوای كەوتنی ئەسەدیشەوە، ئەمە یەکەمجارە ئەحمەد شەرع سەردانی ڕووسیا بکات و لەگەڵ پوتین کۆببێتەوە.