بانکی ڕافیدەین نووسینگەیەکی لە بەڕێوەبەرایەتیی حەشدی شەعبی داخست

بانکی ڕافیدەین نووسینگەکەی لە بەرێوەبەرایەتی حەشدی شەعبی داخست و بۆ لقێکی دیکە دەیگوازێتەوە
بەهۆکارێک بانکی ڕافیدەین نووسینگەکەی لە بەڕێوەبەرایەتی حەشدی شەعبی داخست و بڕیاریدا بیگوازێتەوە بۆ لقێکی دیکە لە بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، دوای ڕەزامەندی بانکی ناوەندی-بەشی چاودێری، بانکی ڕافیدەین لە ئەمڕۆوە نوسینگەی خۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی حەشدی شەعبی داخست و حیسابە داراییەکانی گواستەوە بۆ لقی ناوچەی حەوت کۆشک لە بەغدا.
ئەو سەرچاوەیە هۆکاری داخستنی ئەو نووسینگەیەی بانکی ڕافیدەینی لە بەڕێوەبەرایەتیی حەشدی شەعبی بۆ سزاکانی ئەمریکا گەڕاندووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دوای چەند ڕۆژێک لە سەپاندنی سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ سەر چەند قەوارە و کەسایەتییەکی عێراقی، کە یەکێک لەوانە کۆمپانیای موهەندیس بووە، بانکی ڕافیدەین بڕیاری داخستنی ئەو نووسینگەیەی خۆی داوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، داخستنی لقی بانکی ڕافیدەین لە یەمەن و کۆتاییهێنان بە چالاکییە دارایی و بانکییەکانی بە هۆی گرووپی حوسییەکانەوە بووە، بانکە عێراقییەکان نووسینگە و لقیان لە وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەیە و کاردەکەن بۆ ئەوەی کاروباری دارایی خۆیان بە خێرایی و بە ئاسانی ڕێکبخەن.