ڤیزای ئەو کەسانە هەڵوەشێندرانەوە کە بە کوشتنی چارلی کیرک دڵخۆش بوون

حکومەتی ئەمریکا چاودێری سۆشیاڵ میدیای ئەو کەسانە دەکات کە هەڵگری ڤیزای وڵاتەکەن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزای ئەو کەسە بیانییانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە سۆشیال میدیا بەبۆنەی کوشتنی چارلی کیرک ئاهەنگ دەگێڕن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، وەزارەتەکەمان لە ژێر هیچ بەرپرسیارییەتییەکدا نییە تا ئەو کەسانە بیانییانە بۆ وڵاتەکەمان وەربگرێت کە "خۆزگە بە مردنی هاووڵاتییانی ئەمریکا دەخوازن."
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە دەستنیشانکردنی ئەو کەسە بیانییانەی هەڵگری ڤیزای ئەمریکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاهەنگی کوشتنی چارلی کیرک، چالاکوانی راستڕەو و کەسی نزیکی دۆناڵد ترەمپ دەگێڕن.
وەزارەتەی دەرەوەی ئەمریکا وێنەی پۆست و تویتی چەندین کەسیان بڵاوکردەوە، کە بە ئاشکرا لەو پلاتفۆڕمانە بە کوشتی چارلی کیرک دڵخۆش بوون و ئاهەنگیان دەگێڕا.
زۆربەی ئەو کەسانەی بە مردنی چارلی کیرک دڵخۆش بوون، چەپڕەوەکان بوون و چارلی کیرکیان بە دژە ئافرەت و بێگانە، ڕەگەزپەرست و هەڵگری ئایدۆلۆژیای نازی ناوزەند دەکرد.
ئەمە لە کاتێكدایە، لە ڕێکەوتی 10-9-2025 کیرکی تەمەن 31 ساڵ لەکاتی قسەکردن لە زانکۆی یوتا ڤالی لە شاری ئۆرێمی ویلایەتی یوتا، بە گوللـە کوژرا.
دوێنێش ترەمپ مەدالیای ئاشتی سەرۆکی ئەمریکای بە چارلی کیرک بەخشی و هاوژینەکەی 'ئیریکا کیرک' مەدالیایەکەی وەرگرت.