پایتەخت

کاندیدێکی عێراق ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایە و کوژرا

کاندیدێکی عێراق ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایە و کوژرا
کورتە

سەفا مەشهەدانی، ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و كاندیدێكی پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا

دوای ڕەخنەگرتنی لە حەشدی شەعبی و باسکردنی گەندەڵی لە تارمییە، لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە کاندیدێکی عێراق بە ئامانج گیرا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو سەفا حوسێن مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی حزبی (هاوپەیمانیی سیادە) بۆ پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ئۆتۆمبێلەکەی تەقێنراوەتەوە و کوژرا.

بە گوێرەی زانیاری میدیاکانی عێراق، هەندێک پێیانوایە سەفا حوسێن مەشهەدانی داوای چوونە دەرەوەی حەشدی شەعبی لە تارمیەی کردووە بۆیە تیرۆر کراوە، هەندێکیش دەڵێن داوای گەڕانەوەی خەڵکی بۆ ناوچەی جەرف سەخەری باکووری پارێزگای بابلی کردووە، کە ئەم ناوچەیە پێشتر سوونی نشین بووە و ئێستا بووەتە قەڵا و سەربازگەی گرووپەکانی ناو حەشد.

هۆکارێکی دیکەش بریتییە لەوەی سەفا مەشهەدانی ئاماژەی بە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی و خواردنی پارەی پڕۆژەکان لە تارمییە ئاشکرا کردووە، گومان دەکرێت ئەوانەی لەو بابەتە زیانمەندبوون کردبێتییانە ئامانج.

جێی باسە هاوپەیمانیی سیادە و تەقەدووم دوو دیارترین لیستی سوننەکانی عێراقن و کارنامەی هەڵبژاردنیان لەسەر ڕەخنەگرتن لە پەراوێزخستنی سوننە و بەڵێنی بەهێزکردنەوەی ئەو پێکهاتەیە داڕشتووە، کە زیاتر لە 80 ساڵ حکومڕانی عێراق بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردووە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێکەوتی 11-11-2015 بۆ هەڵبژاردن دیاریکردووە.

15 تشرینی یەکەم 2025 08:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025