پایتەخت

تەنیا 25٪ـی فەرمانبەرانی ڕانیە دەبنە خاوەنی زەوی

تەنیا 25٪ـی فەرمانبەرانی ڕانیە دەبنە خاوەنی زەوی
کورتە

گرفت و ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ڕانیە دروست بووە

گرفت و ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ڕانیە دروست بووە، کە ناتواندرێت تەواوی فەرمانبەران ببنە خاوەنی زەوی بەم هۆیەوە پێشنیاز بۆ بنیاتنانی شارێکی نوێ دەخرێتە ڕوو.

 

ئەمڕۆ سێشەممە ئەحمەد مەلا وسوو، سەرۆکی شارەوانی ڕانیە بە پایتەخت میدیای راگەیاند، پڕۆسەی ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ڕانیە بەردەوامە و بەرەو قۆناغی کۆتایی نەگەیشتوون، لە هەوڵدان بڕیارێکی تایبەت بۆ شێوازی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە زەرەرمەند دەبن دەربکرێت.

 

لەبارەی هۆکاری قەرەبووکردنەوەکە گووتی: "بەهۆی ئەوەی زەوییەکانی سنووری شارەوانی ڕانیە ژمارەیەک باغ و زەوی کشتوکاڵیان تێدایە و پێویستی بە قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵەکەکانە".

 

بەگووتەی ئەحمەد مەلا وسوو، ئەگەر هەموو کێشەکان بۆ دابەشکردنی زەوی چارەسەر بکرێن، ئەوا تەنیا دەتوانن 25٪ـی زەوی بۆ سەرووی 10 هەزار فەرمانبەر دابین بکەن، بەهۆی نەبوونی زەوی پێویست ناتواندرێت شارەکە فراوانتر بکرێت.

 

سەرۆکی شارەوانی ڕانیە ڕاشیگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابەشکردنی زەوی دەکرێت پێشنیاز بکرێت، هەموو فەرمانبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە ناحیەی سەنگەسەر زەوییان پێبدرێت و شارێک لەم سنوورە دروست بکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانی ئەو بەرێوەبەرە جەخت دەکاتەوە، دروستکردنی شارەکە پێویستی بە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی وەکو دابینکردنی ئاو، کارەبا و ئاوەڕۆ تا شارێک بنیات بندرێت.

14 تشرینی یەکەم 2025 21:52
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025