قەرزی کارەبای نیشتیمانی لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی دەدرێتەوە؟

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا لەسەر دانەوەی قەرزی کارەبای نیشتیمانی زانیاری دەخاتەڕوو
لەگەڵ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان و کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا لەسەر دانەوەی قەرزی کارەبای نیشتیمانی زانیاری دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ دووشەممە ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ئێستادا خەریکی دانانی میکانیزمێکن بۆ پێدانەوەی قەرزی کارەبای نیشتیمانی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک بگونجێت.
بەگووتەی ئەردەلان دۆسکی، دانەوەی قەرزی کۆن تێکەڵی پڕۆژەی ڕووناکی ناکرێت، چونکە نرخی پێشووتری کارەبای نیشتیمانی لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی جیاوازە بۆیە قەرزی کۆن لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی لە هاووڵاتییان وەرناگیرێتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، وەرگرتنەوەی قەرزی کۆنی هاووڵاتییان بە جۆرێک دەبێت کە بارگرانی دروست نەکات و لەگەڵ بارودۆخی خەڵکیدا بگونجێت.
لەبارەی دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کۆن ئەردەلان دۆسکی گووتی: "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبای هاووڵاتییان نەدراوە".
پڕۆژەی ڕووناکی، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان.