مەسرور بارزانی کێشەی کەمئاوی کۆیە چارەسەر دەکات

مەسرور بارزانی بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی سنووری کۆیە بڕیاریدا بە خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەی ئاوی کۆیە
سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی سنووری کۆیە بڕیاریدا بە خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەی ئاوی کۆیە.
ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بە مەبەستی چارەسەریی درێژمەودای کیشەی كەمئاوی لە سنووری قەزای كۆیە، ڕەزامەندیدا لەسەر خەرجكردنی بڕی 112 ملیار و 147 ملیۆن و 52 هەزار و 585 دینار بە شێوەی نەختینە و قۆناغ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕاكێشانی هێڵی دووەمی ئاوی خواردنەوە بۆ قەزایی كۆیە.
جێگەی باسە، دوای تەواوبوونی دووسایدی هەولێر - كۆیە پێشبینی دەكرێت سەنتەری قەزای كۆیە زیاتر فراوان بێت، ئەو هێڵەی ئاویش كە ئێستا لە قەزاكەدا هەیە بەشی هەموو دانیشتوانەكەی ناکات و قەزاكە گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەی هەیە.
پڕۆژەی ئاوی کۆیە، یەكێك دەبێت لەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە تەواوبونی پڕۆژەكە و ڕاكێشانی ئاو لە زێی بچووك، سەنتەری قەزای كۆیە و ناحیەكانی سەربەقەزاكە لێی سوودمەند دەبن.
پارێزگای هەولێر وادەی دەستپێکردنی پڕۆژەکە ئاشکرا دەکات، لەم نزیكانە كار لەسەر قۆناغەكانی پرۆسەی دەستپێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت، کە لە لایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە بە نوێترین تەکنەلۆجیا و كرێكاری ناوخۆیی کاری بۆ دەکرێت.