پایتەخت

هەتا یەک ماڵ مابێت نەوت دابەش دەکرێت

هەتا یەک ماڵ مابێت نەوت دابەش دەکرێت
کورتە

ناحیەی وەرتێ یەکەم شوێنە لە هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە دابەشکردنی نەوتی سپی

ناحیەی وەرتێ یەکەم شوێنە لە هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا و بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ زانیاری ورد دەخاتەڕوو.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دابەشکردنی نەوتی سپی سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات،  ناحیەی وەرتێ و گوندەکانی دەورەبەری ناوچەیەکی سارد و شاخاوایین بەهۆی کەمکردنەوەی کاریگەری بڕینەوەی دار بۆیە یەکەم شوێنە نەوتی تێدا دابەش دەکرێت.

 

بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ ڕاشیگەیاند، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ناحیەی وەرتێ نیشتەجێن و لەسەر بریکارەکانی وەرتێن مافیان نافەوتێت و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سۆران هەماهەنگیمان کردووە، لە جیاتی ئەوەی ئەو کەسانە بێنەوە وەرتێ ڕاستەوخۆ لە شوێنەکەی خۆیان نەوت وەردەگرن.

 

بە گووتەی شۆڕش حەسەن، بەهۆی کەمکردنەوەی بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتییان ئەم جارە نەوت لە گەڕەکەکان دابەش ناکرێت، بەڵکو تەنیا لە بەنزینخانەی وەرتێ دابەش دەکرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم شێوازەی دابەشکردنە لە ڕێگەی بەنزینخانەوە شێوازێکی باشترە لە تانکی، چونکە پێشتر 106 هەزار وەردەگیرا، ئێستا کەم کراوەتەوە بۆ 103 هەزار 500 دینار، گرفتی دیاری نەکردنی لیتریش نەماوە.

 

لەبارەی وادەی کۆتایی دابەشکردنی نەوتی سپی ڕوونکردنەوە دەدات، هەتا کەسێک مابێت نەوتی سپی بەسەردا دابەش نەکرابێت پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

 

ئەو بەڕێوەبەرەش ئاگاداری دانیشتووانی ناحیەی وەرتێ دەکاتەوە، لە ماوەی 3 ڕۆژ جارێک لە ڕێگەی پەیجی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی وەرتێ، بریکارەکان و موختارەکان هاووڵاتییان لە ڕۆژانی دابەشکردنی نەوت ئاگادار دەکرێنەوە.

12 تشرینی یەکەم 2025 21:43
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025