کارەبای گەڕەکەکانی سلێمانی ڕادەگیرێن

چەند گەڕەکێکی سلێمانی بەهۆی چاککردنی تۆڕەکانی کارەباوە دەبڕدرێن
لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی 5 ڕۆژ لە کاتژمێرەکانی 8ـی بەیانی تاوەکو 5ـی ئێوارە، کارەبای چەند گەڕەکێکی سلێمانی بەشێوەی کاتی و بەهۆی چاککردنی تۆڕەکانی کارەباوە ڕادەگیرێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتیانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، تیمەکانی چاککردنەوەی بەشی کارەبای سلێمانی چاکسازی و کاری پێویست لە تۆڕی کارەبای ئەزمەڕ ئەنجام دەدەن، کارەکان لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتەکانی کارکردن لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تاوەکو 5ـی ئێوارە دەبێت و لەو ماوەیەدا پێدانی کارەبا لە گەڕەکەکانی کازیوە، ئیبراهیم ئەحمەد، ئازادی، شەهیدان، گۆیژەی نوێ، دارۆغە، هەواری شار، کەڵەکن و سارداو بە شێوەی کاتی ڕادەگیرێت، دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدرێت، کە ئەم کارانە بە مەبەستی باشترکردن و بەهێزکردنی تۆڕەکانی کارەبا و کەمکردنەوەی کێشەکان ئەنجام دەدرێن، کە بەشێکن لە پلانی فراوانکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.