3 دیپلۆماتکاری قەتەری بە ڕووداوی هاتووچۆ لە میسر گیانیان لەدەستدا

شەوی ڕابردوو 3 دیپلۆماتکاری قەتەری لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری شەرم شێخی میسر گیانیان لەدەستدا
لە کاتی چوونیان بۆ میسر و بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە لووتکەیەک بۆ ئاشتی لەسەر ئاگربەستی کەرتی غەززە 3 دیپلۆماتکاری قەتەری بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی ئەسۆسیەت پرێس بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو لە کاتی چوونیان بۆ شاری "شەرم شێخ" لە میسر 3 سێ بەرپرسی هەواڵگری قەتەری لە نێویاندا ئامۆزایەکی میریی قەتەر هەیە، بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، ڕووداوەەکەش لەسەر ڕێگەی "توور - شەرم شێخ" و نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە دووری شاری شەرم شێخەوە ڕوویداوە و بەهۆی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی تایەی ئۆتۆمبێلەکە بووە لەلایەن شۆفێرەوە، کە بووەتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە.
ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بە ناوەکانی: عەبدوڵڵا غانم سەیف، حەسەن جابر، سعوود بن سامر، هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا عیسا ئەلکوالی و محەمەد عەبدولعەزیز بوعانین بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی شەرم شێخ.
بە گووتەی بەرپرسانی میسر، ئەم 3 دیپلۆماتکارە کارمەندی باڵیۆزخانەی قەتەربوون لە قاهیرە و بە مەبەستی چوونیان بۆ "لووتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی" سەردانی ئەو شارەیان کردبوو، کە بڕیارە سبەی دووشەممە بە سەرۆکایەتی هاوبەشی میسر و ئەمریکا و بە بەشداری سەرکردەی زیاتر لە 20 وڵات و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاگربەست لە غەززە بەڕێوەبچێت، ئەرکیشیان ئامادەکاری لۆجستی بووە بۆ شاندی قەتەری کە بڕیارە سبەی بۆ ئامادەبوون لە ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بگەنە شاری شەرم شێخ.