پایتەخت

ڕێگای هەولێر - کۆیە پێش وادەی خۆی تەواو دەکرێت

ڕێگای هەولێر - کۆیە پێش وادەی خۆی تەواو دەکرێت
کورتە

حکومەتی هەرێمی کوردستان موژدەی تەواوکردنی پێشوەختەی ڕێگەی هەولێر - كۆیە بە هاووڵاتییان دەدات

حکومەتی هەرێمی کوردستان موژدەی ئەوە بە هاووڵاتییان دەدات، کە ڕێگای هەولێر - کۆیە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی ئامادە دەکرێت، ئەمەش بەهۆی گرنگیی ڕێگاکە، کە بە شادەماری ڕێگاکانی کوردستان ناودەبرێت.

ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، دروستکردنی ڕێگای هەولێر – کۆیە پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگی ڕێگاوبانی سنووری پارێزگای هەولێرە، ئەم پڕۆژەیە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەی 560 ملیار و 443 ملیۆن دینار و بە بەرزترین ئاستی کوالێتی جیهانی دروست دەکرێت، پڕۆژەکە بەدرێژی 37 كیلۆمەتر لەلایەن کۆمپانیای ئوزان کاری لەسەر دەکرێت.

هەر لەمبارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کاتی تەواو بوونی ڕێگاکە موژدەی بە هاووڵاتییان داوە و بڵاوی کردووەتەوە، ڕێگای هەولێر – کۆیە زووتر و پێش وادەی دیاری کراوی خۆی ئامادە دەکرێت و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

بەگوتەی ئومێد خۆشناو، ڕێگاکە لە سێ لاینی ڕۆیشتن و سێ لاینی هاتنە پێکدێت، کە پانی هەر لاینێکی 12 مەترە، هەروەها بە سێ چینی 22 سانتیمەتری قیر دەکرێت، جیا لەمە ڕێگاکە 6 ئۆڤەر پاس، 5 ژێر پرد و پردێکی گەورەی بە درێژی 250 مەتری تێدایە، ئەمە بێجگە لە دروستکردنی 160 ئاوبڕی کۆنکرێتی.

11 تشرینی یەکەم 2025 19:14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026