وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی بۆ تورکیا ئاشکراکرا

کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریگەری لەسەر شارەکە دروست دەکات
لە دوای هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی بۆ تورکیا، وادەی کردنەوەی گەشتەکان بەرەو ڕووی گەشتیاران ئاشکرا کرا.
ئەمڕۆ شەممە عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریگەری لەسەر شارەکە دروست دەکات لە ڕووی گەستیارییەوەو دەشبێتە بوژانەوەی ئابووری.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەخت دەکاتەوە، ماوەی 3 هەفتە بۆ 4 هەفتەی پێویستە تابتوانرێت گەشتەکان دەستپێبکرێت، بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکان کۆمپانیاکان زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەتووە بەڵام نەبۆتە هۆی داخستنی.
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری ئاماژەی بەوەشکرد، لە سلێمانی و دەوروبەری 200 کۆمپانیا و نوسینگەو بریکاری گەشتیاری بە پێی ئەو سیستەمانەی هەیە بۆ وڵاتی تورکیا کە کاردەکەن، نزیکەی 70 کۆمپانیا کاری تەواویان تەنها لەسەر تورکیا بووە.
بەگووتەی عەتا ئەنوەر، وڵاتی تورکیا ڤیزای پێویستە لە تەمەن 15 ساڵ تاوەکو 50 ساڵ و لە ئێستادا وەرگرتنی ڤیزا بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە و ڕەفزبونەوەی ڤیزا کەمترە.