دوای 4 ڕۆژ لە وازهێنان لوکۆرنو کرایەوە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا

کورتە
دوای تۆمارکردنی کورترین وادەی دەسبەکاربوون وەک سەرۆکوەزیران لوکۆرنو دووبارە بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کرایەوە
ئەو سەرۆکوەزیرانەی کە ڕیکۆردی لە کورتترین ماوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا شکاند، دووبارە لەلایەن سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەستنیشنان کرایەوە.
ئاژانسی ئەسۆشیەت پرێس بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، جارێکی دیکە سێباستیان لوکۆرنوی وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان کردەوە، ئەمەش دوای تەنیا 4 لە وازهێنانی خۆی لەو پۆستە، حزبی راستڕەوەکانیش دەڵێن، حکومەتەکەی ئەمجارەشی دەڕووخێنن.
لوکۆرنو لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، دەستنیشان کردنەوەکەی "وەکو ئەركێک" قبووڵ کردووە و گوتیشی، "پێویستە کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییە بهێنین" کە بەرۆکی فەرەنسای گرتووە.
دوای دەستنیشانکردنەوەی لوکۆرنو وەک سەرۆک وەزیران فەرەنەسا، گەورەترین پارتی راستڕەوی تووندڕەوی وڵاتەکە رایگەیاند، دەستبەجێ هەوڵی رووخاندنی حکومەتە نوێیەکەی فەرەنسا دەدەن، چونکە بە بڕوای خۆیان، ئەو حکومەتە "هیچ داهاتوویەکی نییە."
لوکۆرنو هۆشداریی دا لەوەی، ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە حکومەتەکەیدا بکەن، نابێت چاویان لەوە بێت خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ساڵی 2027 بەربژێر بکەن و "هەموو کارێکی پێویست" دەکات بۆ ئەوەی تا کۆتایی ساڵ بودجەیەک بۆ فەرەنسا دابین بکات، چاککردنەوەی دۆخی دارایی گشتیشی بە "پێشینەیەکە بۆ داهاتوو"ـیان ناوبرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەکاربوونی وەک سەۆکوەزیرانی فەرەنسا، لوکۆرنو دەستی لە کار کێشایەوە و ڕایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیم لەم پۆستە بەردەوام بم و تەنانەت پۆستەکانی دیکەی حکومەتیش وەرناگرم"، بەمەش ژمارەی پێوانەیی بۆ کورتترین سەرۆک وەزیرانی کۆماری پێنجەمی فەرەنسا تۆمارکرد.