ڕاوێژکارێکی عێراقی بەهۆی بردنی کەلوپەلی هۆتێلێکەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کرا

بەهۆی بردنی 8 خاولی و چەندین کەلوپەلی دیکەی هۆتێلێکەوە سکاڵا لەسەر ڕاوێژکارێکی عێراقی تۆمار کرا
بەهۆی بردنی 8 خاولی و چەندین کەلوپەلی دیکەی هۆتێلێکەوە سکاڵا لەسەر ڕاوێژکارێکی عێراقی تۆمار کرا.
عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن ئاشکرای کردووە، زەینەب عەکلە عەبد، ڕاوێژکاری عێراق لە ئوردن لە هۆتێل ڤێرمۆنتی ئەو وڵاتە ماوەتەوە، دوای بەجێهێشتنی هۆتێلەکە دەرکەوتووە 8 خاولی و چەند کەلوپەلی دیکەی هۆتێلەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، بۆیە لەلایەن هۆتێلەکە و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئوردن سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سکاڵایەکی هۆتێل ڤێرمۆنتی ئاڕاستەیان کردووە و بەپێی سکاڵایەکە ڕاوێژکار زەینەب عەکلە عەبد بە بردنی کەلوپەلی هۆتێل تۆمەتبار کراوە، لە سکاڵاکەدا هاتووە، کاتێک ئەو ڕاوێژکارە ویستوویەتی هۆتێلەکە بەجێبهێڵت زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لێیانداوە و کارمەندانی هۆتێلەکە هەرچەندە داوایان لێ کردووە جانتاکانی بکاتەوە و بیپشکنن، بەڵام ڕاوێژکارە عێراقییەکە قیژاندوویەتی و وتوویەتی، من کەسایەتییەکی دیپلۆماسیی عێراقیم، بۆیە وازیان لێ هێناوە و ڕێگایان داوە بڕوات.
دوای سکاڵای هۆتێلەکە لە باڵیۆزی عێراق و بەدواداچوونەکان، دواتر ئامێری پشکنین دەریخستووە لە ژووری ئەو ڕاوێژکارە شەش خاولیی دەموچاو، دوو خاولیی حەمام، پەرداخ، کاتژمێر، کۆنتڕۆڵ و کەلوپەلی دیکە دیار نەماون، هەر بۆیە باڵیۆزی عێراق لە ئوردن داوای کردووە ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، چونکە ئەم ڕووداوە کاریگەریی لەسەر نێوبانگی باڵیۆزخانە و ئەندامانی نێردە دەبێت.