نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت

وادەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەسەر هاووڵاتییاندا ئاشکرا کرا
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان بڕیاردراوە، نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێت و وەزیری سامانە سروشتییەکان وادەی دابەشکردنەکە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی میدیایدا ڕایگەیاند، لە هەفتەیەک تاوەکوو 10 ڕۆژی داهاتوو، دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دەکەن و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکەن.
بەگووتەی کەمال محەممەد، لە مانگی شەش داواکارییان داوەتە سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندیی داوە ئەمساڵیش بە نرخی پاڵپشتی نەوت دابەش بکرێت.
ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە، لە 3 ساڵی پێشوودا، بە نرخی پاڵپشتی نەوت دابەش کراوە، لە هەندێک شوێن ساڵانە دوو بەرمیل نەوت بە ماڵان دراوە.
وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاند، ساڵانە 267 ملیۆن لیتر نەوتمان دابەش کردووە و بەغدا لە باشترین حاڵەتدا نەوتی سپییان بۆ بنێرێت، تەنیا 50 ملیۆن لیتر دەنێرێت.