ترەمپ: ئیسرائیل ناتوانێت لەگەڵ جیهان بجەنگێت

شەڕ لە غەززە وەستا و حەماس چاوەڕێی پەسەندکردنی لیستی کۆتایی زیندانییەکانین بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل
ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیەندرا و ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل کۆبوونەوە بۆ پەسندکردنی رێککەوتنە ئەنجام دەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کرد، ئەمەش دوای ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە دانوستانەکانی میسر رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کراوە رێککەوتنەکەش دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل و زیندانییانی فەلەستینی، ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی.
لەلایە خۆیەوە، بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت، حەماس لیستی دیلە فەلەستینییەکانی رادەستکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن، لە ئێستادا چاوەڕێی پەسەندکردنی لیستی ئەو زیندانییە فەڵەستینیانەن کە بڕیارە لە چوارچێوەی ڕیککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا لە زیندانییەکانی ئیسرائیل دەکرێن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە نەتەنیاهوی گوتووە، ئیسرائیل ناتوانێت لەگەڵ جیهان بجەنگێت و ئەویش ئەوە زۆر باش تێدەگات، گوتیشی، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات.
رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای 734 رۆژە لە جەنگ دێت، ترەمپ باسی لەوە کردووە، "هەوڵەکانی هەموو جیهان یەکیان گرتووە بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە".
جێگەی ئاماژە پێدانە، دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ چەند ڕۆژێکە دەستی پێکردووە و لەم نزیکانە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕادەگەیەندرێت، ئیدارەی ترەمپ و زۆرێک لە کۆمارییەکان ترەمپ بە شایەنی بردەوەی ئەم خەڵاتە دەزانن و پێشبینیش دەکەن هەر ئەو بیباتەوە.