پایتەخت

ئەزموونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگوازینەوە کەرکووک

ئەزموونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگوازینەوە کەرکووک
کورتە

شاهۆ نەجم کەرکووکی، بەڵێنی گواستنەوەی ئەزموونی کابینەی نۆیەم بۆ کەرکووک دەدات

شاهۆ نەجم کەرکووکی لە میانەی پێشبینی دەرچوونی بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵێنی گواستنەوەی ئەزموونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکووک و تەواوی شارە عێراقییەکان دەدات.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە شاهۆ نەجم کەرکووکی، کاندیدی ژمارە 2 لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کوڕە پێشمەرگەی کوردستانم و لە پێشووتردا خزمەتێکی زۆری کەرکووکمان کردووە، لە شەڕی داعش توانیم بە قووڵایی 60 مەتر خەندەق لێبدەم بۆ ئەوەی خەڵکی کەرکووک بپارێزم، لە ڕووی تەندروستی و وەرزشییەوە خزمەتێکی زۆری شارەکەمان کردووە بە گەڕاندەوەی 10 نادی و بەتایبەتی گەڕاندنەوەی 200 دۆنم بۆ نادی کەرکووک.

 

هۆکاری دانانی پۆستەرە 50 مەترییەکەی ئاشکرا دەکات، هەر کەسێک بێتە شارەکە پۆستەرەکە دەبینێت و دەزانێت پارتی بە گڕ و تینی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە کەرکووک، گەورەیی پۆستەرەکەش ئاماژەی یەکەم بوونی پارتییە، ڕەمزی بەرخۆدان و خۆنەچەمانی سەرۆک بارزانییە و پەیکەری پێشمەرگە مانای بەهێز بوونی کوردە لە کەرکووک.

 

لەبارەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گووتی: "باوەڕی تەواوەتیم بە خەڵکی کەرکووک هەیە و ئەم جارەش کەسێکی ڕاستەقینە هەڵدەبژێرن و لەسەر سندوقی دەنگدان دەزانن دەنگ بە کێ دەدەن، زۆر سوپاسی خەڵکی کەرکووک دەکەم کە بە یەکەمم دەزانن".

 

بەگووتەی شاهۆ نەجم کەرکووکی، لە ڕابردوودا بە هاوکاری پارتیمان زەوییەکانمان بەسەر ئاوەرەکاندا دابەشکردووە و دەستێکی باڵامان هەبووە و باب و باپیرانیشم خزمەتی شارەکەیان کردووە، کەرکووک خاکی خۆمانە و بۆ کەسی چۆڵ ناکەین، 25 خانوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیرکراون و ئۆفیەسەکەش چۆڵ ناکەین.

 

ئەو کانیدیدەی لیستی پارتی جەخت لەوەدەکاتەوە، لە کەرکووک کێشەی خاک و زمان و نەتەوەمان هەیە، تەنانەت قوتابییانمان لە زانکۆکان ناتوانن بە زمانی دایک وەڵام بدەنەوە کە زمانێکی فەرمییە و لە دەستوور دانیپێداندراوە.

 

شاهۆ نەجم کەرکووکی ڕاشیگەیاند، ئەگەر بڕۆمە پەرلەمانی عێراق پێشمەرگە دەگەڕێنینەوە بۆ کەرکووک لە خاڵە ئەمنییەکان جێگیریان دەکەینەوە، بەهۆی پەرلەمانی عێراقەوە یاسای زەوی و زار لە کەرکووک چارەسەر دەکەین، چارەسەرکردنی زمانیش یەکێکە لە کارەکانمان.

 

لە بەشێکی قسەکانیدا شاهۆ نەجم کەرکووکی ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ کاک مەسرور باسی ئەزموونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە بیگوازینەوە بۆ کەرکووک و تەواوی شارەکانی عێراق، لەوانەش کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرا، دروستکردنی بەنداوەکان، ڕێگە و بانی دوو ساید، پشتێنەی سەوزایی و بە خەڵکی عێراقی نیشان دەدەین ئەوەیە کوردستان.

08 تشرینی یەکەم 2025 21:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025