پایتەخت

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەدا سەردانی ئارام قادر بکەین

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەدا سەردانی ئارام قادر بکەین
کورتە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵ و نوسراوی فەرمی، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە تیمەکانیان سەردانی دەستگیرکراو "ئارام قادر" بکەن

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگرییان لێ دەکەن سەردانی دەستگیرکراو 'ئارام قادر' بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کوڕێکی 'ئارام قادر'ـی دەستگیکراو، سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و سکاڵای سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە تۆمار کرد، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "باری تەندروستی باوکی ناجێگیرە" و داواشی کرد ڕێگە بە پارێزەرەکەی بدرێت سەردانی ناوبراو بکات، بۆ وەرگرتنی پەنجە مۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ڕێکەوتی 9ـیی ئەیلوولی 2025، بە نوسراوی فەرمی ژمارە 1037 داوای ئاسانکارییان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، "بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە، ڕێگریکردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانی کردنی شاندی دەستە بۆ لای ناوبراو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی ناوبراو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی و داواش دەکەن داواش دەکەن هەرچی زووە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کاتێک دیاری بکەن بۆ سەردانی کردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و پارێزەر بۆلای ئارام قادر.

08 تشرینی یەکەم 2025 13:25
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025