ئێران تۆڕێكی سیخوڕێ ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە

ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردن و لە سێدارەدانی سوخوڕانی مۆساد و ئەمجارەش تۆڕێکی سیخوڕێ هەڵوەشاندەوە
دەسەڵاتدارانی ئێران تۆڕێکی سیخوڕی مۆسادیان، کە لەلایەن چەند کەسێکەوە بەڕێوەدەبرێت هەڵوەشێندرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پێگەی "وەتەنی ئێرانی" بڵاویکردەوە، تۆڕێکی سیخوڕی مۆساد کە لەلایەن کەسێک بە ناوێکی ساختە "جەیمس بی دین" بەڕێوەدەبرا، هەڵوەشێندرایەوە و ناوبارو و چەندین کەسی دیکەی پەیوەندیداریان بەم تۆڕە دەستگیر کرد.
بە گووتەی "جەیمس بی دین"، هەژمارێکی ساختەی لە پلاتفۆڕمی ئێکس دروستکردبوو و پۆستی دژە ڕژێمی ئێرانی تێدا بڵاودەکردەوە و هەوڵی گێڕانی ئاژاوەی لە ڕووداوەکانی سااڵی 2022 دەدا، دواتر پلانی بەڕێوەبردنی کامپەینێکی بە ناوی "شوێنەکەی بووەستێنە" داڕشتبوو تا خۆپیشاندان و ئاژەوەگێڕی لە شەقامەکان ئەنجام بدات.
جەیمس بی دین دواتر لە ڕێگەی پەیوەندییەکی بە ژنێک لە ئوسترالیا، ڕاستەوخۆ بەسترابوویەوە بە مۆساد، بۆ ئەوەی زانیاری ورد لەسەر دامەزراوە و شوێنە هەستیارە ئەمنیی و سەربازییەکانی ئێران و گواستنەوەیان بۆ ئیسرائیل ئەنجام بدات، ئەم چالاکییانە هاوکات بوون لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی ساڵی 2025.
ناوبراو دواتر لە دانپێدانانێکی تەلەفیزیۆنیدا دانی بە تاوانەکەی دانا و یارمەتیدانی ئیسرائیلی بە گەورەترین هەڵەی ژیانی لە قەڵەم دا.
جێی باسە چوار ڕۆژ لەمەوبەر دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەسێدارەدانی 6 کەسی ڕاگەیاند، کە تۆمەتەکانیان پەیوەندی و کارکردن بۆ وڵاتی ئیسرائیل، ئەنجامدانی ژمارەیەک تەقینەوە و کردەی تیرۆریستی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە لە ناو خاکی ئێران، هەروەها تیرۆرکردنی چەندین کەس لە ئەفسەر و کەسە سەربازییەکانی ئێرانیش بەشێکی دیکە لە تۆمەتەکانیان بووە.