بڕی 20 هەزار لە شۆفێرانی مەرزی کێلێ وەردەگرێت

کێشەی شۆفێرانی مەرزی کێلێ دووبارە سەریهەڵدایەوە
کێشەی شۆفێرانی مەرزی کێلێ دووبارە سەریهەڵدایەوە و قائیمقامى قەزاى پشدەر جەخت لەوەدەکاتەوە، بۆ چارەسەکردنی کێشەکەیان لەسەر هێڵن و شۆفێرانی بارهەڵگریش دەڵێن: "بەردەوام دەبین لە بایکۆتکردن".
ئەمڕۆ سێشەممە بەکر بایز، قائیمقامى قەزاى پشدەر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، کێشەی شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی کێلێ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە بەڵکو کێشەکە پەیوەندیدارە بە ئێرانەوە.
جێگەی باسە، ئەمڕۆ بۆ دووەم جارە شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی کێلێ بەهۆی وەرگرتنی پارەی کێش لێیان مانیان گرت و نەچوونەوە بۆ مەرزەکە.
بەگووتەی بەکر بایز، بۆ یەکەم جارە لە مەرزی کێلێ نرخی کێشیان کردووە بە 20 هەزار دینار و هەر بارهەڵگرێک ئەم بڕە پارەیەی لێ وەردەگیرێت.
لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە قائیمقامى قەزاى پشدەر ڕاشیگەیاند، شۆفێران ڕازی نین پارەکە بدەن و لەسەر هێڵین بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان، نەچوونی بارهەڵگرەکان بۆ مەرزی کێلێ لێکەوتەی ئابووری بۆ هەرێم و ئێران دروست دەکات.
شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی کێلێ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەسەر ئەم هەڵویستەیان بەردەوام دەبن و بەهیچ جۆرێک ئامادە نین ئەم بڕە پارەیە بدەن.
بەگووتەی شۆفێرانی مەرزی کێلێ، بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە 150 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بڕی 20 هەزار دیناریان لێ وەردەگرێت، ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان بڕی 5 هەزار دینار پارەی کێش وەردەگیرێت،
مەرزی کێلێ دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى قەزای قەڵادزێ و ھاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە ساڵی 2022 بە شێوەیەکى فەرمی بڕیار لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزەکە درا.