حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتن

دوای گیان لەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی دەیانی دیکە حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتن
دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی هێزە چەکدارەکانی دوو گەڕەکی شاری حەلەب لە باکووری سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی سووریا ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و گرژییەکان کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، بە گووتەی مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەسەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی سووریا لە دیمەشق لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و گرژییەکان لە سەرجەم ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێککەون و ڕێککەوتنەکەش دەستبەجێ دەکەوێتەبواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب لە باکووری سووریا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سەر بە دیمەشق ڕوویدا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.
شەڕ و ئاڵۆزییەکان سەرەتا بەم شێوەیە ڕوویانداوە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست، دواتر کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی حکومەتی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک لە پێکدادان، ئاگربەستیان راگەیاند و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و دەیانی دیکەش بریندار بوون.