هەسەدە بە کەرامەتەوە دەجەنگێت

شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی دیاری ئایینی جەخت لە نەشکانی هەسەدە دەکاتەوە
لە بارەی شەڕو پێکدادانەکانى شەوى ڕابردووی نێوان شەڕڤانان و سووپای سووریا، کەسایەتییەکی دیاری ئایینی هاتە دەنگ.
شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی دیاری ئایینی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ناشکێن! هەسەدە لەوێیە، بە کەرامەتەوە دەجەنگێت و گەلێک دەپارێزێت کە ستەمی ڕەتکردووەتەوە.
لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیوییەتی، گەمارۆ ئیرادەی گەڕەکە ئازادەکان ناشکێنێت و دەنگی بەرگری کپ ناکات و هەموومان هەسەدەین، هەموومان شێخ مەقسوودین!"
ئەمە لە کاتێکدایە، لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی شاری حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو، هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێن، 7 رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە داخران و هاتووچۆیان قەدەغە کرد.