ئەندامانی داواکاری گشتیی بە دادوەر دەژمێردرێن

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە ئەندامانی داواکاری گشتیی لە ڕووی ناونیشان و ئینتیماوە بە دادوەر هەژمار دەکرێن
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێم لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەندامانی داواکاری گشتیی بە دادوەر هەژمار دەکرێن یان نا ڕوونکردنەوەی دا.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەندامانی داواکاری گشتیی لە ڕووی ناونیشان و ئینتیماوە بە دادوەر هەژمار دەکرێن و هەمان بنەما و ڕێسای دادوەرانیان بەسەردا پیادە دەکرێت، هەر لە دامەزراندنیانەوە (کە هەردووکیان دەبێت دەرچووی پەیمانگەی دادوەری بن)، تاکو خانەنشینبوونیان، هەروەها هەموو ماددە و بڕگەکانی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە 23ـی ساڵی 2007 بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێم جەخت دەکاتەوە، کە دادوەرانی داواکاری گشتیی بەشێکی ڕەسەن و گرنگ و کاران لە خێزانی دادوەری لە کوردستان و عێراق. ئەمەش بەپێی ماددەی 89ـی دەستووری عێراقی فیدراڵ و دەقی ماددەی یەکەمی یاسای پاشکۆی یاسای داواکاری گشتی ژمارە 18ـی ساڵی 2007 کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و تێیدا هاتووە: "ئەندامانی داواکاری گشتیی کە لە خزمەتدا بەردەوامن، بەپێی پلە و پۆلین و کۆنیی ئەو پۆستەی تێیدان، لە کاتی دەرچوونی ئەم یاسایەدا بە دادوەر دەژمێردرێن. هەمان ئەو حوکمانەی بەسەر دادوەراندا پیادە دەکرێت، دەیانگرێتەوە و هەموو ماف و تایبەتمەندییەکانی دادوەرانیش دەیانگرێتەوە."
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمدا هاتووە، بەپێی ماددەی سێیەمی یاسای پاشکۆی یاسای داواکاری گشتیی، دادوەرانمان ئەرکە دادوەرییەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن کە لە چوارچێوەی یاسای داواکاری گشتیی ژمارە 159ـی ساڵی 1979ـی هەموارکراودا هاتووە، ئەم ئەرکانە تەواوی قۆناغەکانی پڕۆسەی دادوەری دەگرێتەوە، لە دەستپێکی داواکانەوە تاکو یەکلاییکردنەوە و جێبەجێکردنی بڕیار و حوکمەکان لە سەرجەم دادگاکانی هەرێمدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە، کە ورووژاندنی ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنەکانی تر هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندی گشتیی ناکات، بەڵکو زیان بە کۆی پڕۆسەی دادپەروەری و متمانەی گشتی بە سیستەمی دادوەری دەگەیەنێت، پێویستە زۆر بە بەرپرسیارانە و حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە بابەتانەدا بکرێت، چونکە دادوەرانی داواکاری گشتیی و دادوەران تەواوکەری یەکترین و ئامانجی پیرۆزی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە بۆ پاراستنی مافەکان و هێنانەدی دادپەروەری و سەروەریی یاسا.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا دادگهی سلێمانی له بڵاوكراوهیهكدا هێرشی توندی كرده سهر حاكم ناز نووری و ڕایگەیاند: "هیچ سیفهتێكی دادوهری نییه و سەر بە ئەنجوومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان یان دەسەڵاتی دادوەریی عیراق نییە، بەڵام نازناوى دادوەر بەکار دەهێنێت و خۆی پێ دەناسێنێت"، لە وەڵامدا حاكم ناز نووری هێرشی کردە سەر دادگەی سلێمانی ڕایگەیاند، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتی دادگهی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تۆمار دەكەم، چونكە سوكایەتییان بە داواكاری گشتی كردووە و جیاوازی دەكەن لە نێوان داواكاری گشتی و دادوەراندا كە چاودێری تەواوی بڕیارەكانی دادوەران دەكات لە هەموو قۆناغەكاندا، ئەوهش هەویەی دادوەرییەكەم.