سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا دەستی لە کار کێشایەوە

دوای تەنیا چەند کاتژمێرێک لە کارکردن سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا دەستی لە کار کێشایەوە
سێباستیان لێکۆرنو کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا بە سەرۆک وەزیرانی فەەرەنسا هەڵبژێردرا، کەچی ئەمڕۆ دوای چەند کاتژمێر کارکردن دەستی لە کار کێشایەوە.
قەیرانی سیاسی لە فەرەنسا بەردەوامە و حکومەتی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی نیگەرانە لەوەی چەقبەستوویی زیاتری سیاسی لە وڵاتەکەدا پەەرە بستێنێت، هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخەش سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا دوای چەند کاتژمێر لە دەستبەکاربوون، دەستی لە کار کێشایەوە و فەرەنسای خستە بەردەم شۆکێکی سیاسیی دیکەوە.
سێباستیان لێکۆرنو کە کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە بە سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا، ئەمڕۆ دووشەممە دەستی لە کار کێشایەوە و ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیم لەم پۆستە بەردەوام بم و تەنانەت پۆستەکانی دیکەی حکومەتیش وەرناگرم.
لیکۆرنو تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ناوە سەرەتاییەکانی حکومەتەکەی دەستی لە کار کێشایەوە و ژمارەی پێوانەیی بۆ کورتترین سەرۆک وەزیرانی کۆماری پێنجەمی فەرەنسا تۆمارکرد.