حەماس و ئیسرائیل لە میسر کۆ دەبنەوە

لە پێناو ڕاگرتی شەڕی غەززە و ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل و ڕادەستکردنی بارمتەکان هەردوولا لە میسر کۆدەبنەوە
شاندی دانوستانکاری هەردوولای بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە وڵاتی میسر کۆدەبنەوە و لەبارەی پلانەکەی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی جەنگ گفتوگۆ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، قاهیرە میوانداریی دوو لایەنی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەکات، ئەمەش بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشنیاری کۆتاییهێنان بە جەنگی لە ناوچەکە دابوو.
ڕۆژی ڕابردوو شاندێکی باڵای حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل ئەلحەییە گەیشتنە میسر و ئەمڕۆش شاندی ئیسرائیل بەشدار دەبن، گفتوگۆکان لەبارەی ڕاگرتنی یەکجاریی جەنگ لە غەززە، دۆخی دیلەکان و ڕادەستکردنەوە زیندانیان و تەرمەکان دەبن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی حەماس، ئەوان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەستپێکردنەی دانوستانێکی بەرهەمدار، تاوەکو بتوانن کۆتایی بە جەنگ لە ناوچەکەیان بهێنن و سوپای ئیسرائیل بکشێتەوە.
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل لەبارەی دانوستان لەگەڵ حەماس هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکەیان، هەر یەکە لە حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیەندراوی فەرمییان هەبێت.