سووریا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ئەنجام دەدات

سووریا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆی ئەنمجام دەدات و ڕەخنەگرانیش تانە لەم هەڵبژاردنە دەدەن
سووریا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی حکومڕانییەوە و بە سیستەمێکی نوێی دەنگدان پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، وڵاتی سووریا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدات و بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی کراونەتەوە و کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دادەخرێن، بە ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکە تا کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سیستەمێکی تایبەت پەیڕەو کراوە تێیدا تەنیا ئەندامانی باوەڕپێکراوی "دەستەکانی هەڵبژاردن" لە ناوچە جیاوازەکاندا مافی دەنگدانیان هەیە، نەک دانیشتووانی وڵاتەکە بە گشتی، بەرپرسانی وڵاتەکەش هۆکاریی ئەمە بۆ نەبوونی ئامارێکی دروست و باوەڕپێکراوی دانیشتووان و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی بەهۆی شەڕەوە دەگەڕێننەوە.
هاوکات پرۆسەکە لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنەوە بەڕێوەدەچێت نەک بە شێوەی دەنگدانی گشتیی، پەرلەمانی نوێش لە 210 ئەندام پێکدێت و ماوەی کارکردنی دوو ساڵ و نیو دەبێت. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەزار و 578 پاڵێوراو کێبڕکێ دەکەن، کە ڕێژەی سەدا 14%ـیان ژنن.
زۆرێک لە ڕەخنەگران تانە لەم سیستەمەی نوێیەی هەڵبژاردن دەدەن و دەڵێن، مافی دەنگدانی تەنیا بەشێکی دانیشتووان، نوێنەرایەتیکردنی خەڵک نییە و بۆ نموونە، هەڵبژاردن لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکە، تەواوی پارێزگای سوەیدا و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژێر کۆنترۆڵی کورد دواخراوە، بەهۆی ئەمەوە، پێشبینی دەکرێت 19 کورسی پەرلەمان بە بەتاڵی بمێننەوە.