داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لە شێواندنی ژینگەی سیاسی

ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە
ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە و داوا ئاڕاستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەزگا حکومییەکان دەکات.
ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە پەیامێکدا ئاشکرای دەکات، له‌ماوه‌ی ڕۆژانی 3ـی 10 تاوه‌كو 8ـی 11ـی 2025، پڕۆسەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومەنی نوێنه‌رانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە بەربژێران و لیست و قه‌واره سیاسییەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن، له‌م ماوه‌یه‌دا، ململانێ و گوتاری سیاسی و میدیایی تووند ده‌بێت، به ڕاددەیەک کە زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیا و رۆژنامه‌نووسان ده‌بنه به‌شێك له‌م تووندبوونی گوتار و لێدوان و ركابه‌رییە سیاسییە.
بەگووتەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، ناخوازێت هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌دژی رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگه‌كانی میدیا دووباره ببێته‌وه، لەم ڕوانگەیەوە بانگ له هه‌موو لایه‌نه سیاسییەکان، بەربژێران، دامه‌زراوه فه‌رمییەکانی حکوومەت و كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كەن، هاوكاری رۆژنامه‌نووسان بکەن.
لە درێژەی پەیماکەدا هاتووە، به‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه رۆژنامەنووسان ته‌نیا پیشه‌یه‌كی گرنگ پیاده ده‌كه‌ن، كه پێوه‌ری ئازادی و دیموكراسییه بۆ هه‌رێمی كوردستان، داوا دەکەین ڕێز لە رۆژنامەنووسان و دەزگە فەرمییەکان بگرن و هاوکاریان بن.
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان داوا ئاڕاستەی ده‌زگا‌كانی میدیا ده‌كات، له گوتاری میدیاییاندا، خۆیان به‌دوور بگرن له‌هه‌ر شێوازێكی كاری رۆژانه‌دا، كه ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگەی سیاسیی دەشێوێنێت، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیتیک و پرۆفیشیناڵی له‌كاری میدیایی پێڕەو بکەن.