فۆڕمی پڕۆژەی ڕووناکی دابەش دەکرێت

سبەی فۆڕمی خۆتۆمارکردن بۆ پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی ڕاپەڕین دابەش دەکرێت
دوا بەدوای ئامادەکارییەکان سبەی فۆڕمی خۆتۆمارکردنی هاووڵاتییان لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستپێدەکات و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ڕاپەڕین زانیاری ورد دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ شەممە عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای راگەیاند، سبەی یەکشەممە فۆڕمی خۆتۆمارکردنی هاووڵاتییان لە پرۆژەی ڕووناکی لە ڕانیە، قەزای حاجیاوە و ناحیەی چوارقوڕنە دابەش دەکرێت، دواتریش هەموو ناوچەی ئیدارەی ڕاپەرین دەگرێتەوە.
بەگووتەی عەلی محەممەد، فۆڕمەکە نامیلکەیەکە لەسەر پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زنیارییان هەبێت لەسەر پڕۆژە تەواوی خزمەتگوزارییەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، فۆڕمەکە لە هەموو ماڵێک، شوێنی بازرگانی، پێشەسازی و سەرجەم شوێەکان دابەش دەکرێت.
لەبارەی پێداویستییەکان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆتۆمارکردن گووتی: "پیویستی بە نوێترین پسووڵەی کارەبا هەیە، کارتی نیشتیمانی و بەڵگەی نیشتەجێبوون هەیە و ڕاستەوخۆ بە ئەلیکترۆنی تۆماری دەکات".
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ڕاپەڕین دووپاتیکردەوە، فۆڕمی خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی ڕووناکی پێویستی بە هیچ بڕە پارەیەک نییە و بێ بەرامبەرە.
لەبارەی خۆتۆمارنەکردنی هاووڵاتیی ڕوونیکردەوە، ئەگەر هەر کەسێک نەیەوێت فۆڕمەکە پڕبکاتەوە ئاساییە و نابێتە بەربەست لەوەی پڕۆژەکەی پێ نەگات، بەڵکو تەنیا بە کورتە نامە مانگانە لە نرخ و ڕێژەی بەکارهێنانی کارەباکەی ئاگادار دەکرێتەوە.