دەریاچەیەکی دیکەش لە شارێکی کوردستان وشکی کرد

دوای وشکبوونی یەکجاریی دەریاچەی ورمێ، دەریاچەیەکی دیکەش لە پارێزگای کرماشان بە یەکجاری وشکی کردووە
دوای وشکبوونی یەکجاریی دەریاچەی ورمێ، دەریاچەیەکی دیکەش لە پارێزگای کرماشان بە یەکجاری وشکی کردووە.
محەممەد حوسێن فەلاحەتی، بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی کرماشان بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، دەریاچەی سەراو نیلوفەر بەهۆی کەم ئاوی و بێ ئاوییەوە بە یەکجاری وشک بووە، پێشتر هەندێک ئاو لە چەند شوێنێکی جیا جیای ئەو دەریاچەیە دەبینرا، بەڵام ئێستا دەریاچەکە بە تەواوی وشک بووە.
بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی کرماشان ئاماژەی بەوەکردووە، کە دەریاچەکە بەهۆی لێدانی بیری ئاوی زۆر لە نزیکی و دەوروبەری دەریاچەکە وشکی کردووە، چونکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک بیری ئاو بەشێوەی نایاسایی لەو ناوچەیە لەلایەن خەڵکەوە لێدرابوو، کە دەرەنجام بووە هۆی وشکبوونی دەریاچەکە.
سەراو نیلوفەر دەریاچەیەکی سروشتییە لە باکووری ڕۆژئاوای شاری کرماشان، کە بە ڕووەکی سوسنی ئاوی بەناوبانگ بوو، هەروەها دەریاچەکە ژیانێکی ئاژەڵیی سروشتی هەمەچەشنی هەبووە و جۆرەها باڵندە لە دەوروبەری دەژیان و سووڕی ژینگەی سروشتی بۆ ئەو بەشەی پارێزگای کرماشان دابین دەکرد، ئەم دەریاچەیە لە لیستی سامانە سروشتییەکان و میراتی نەتەوەیی ئێراندا تۆمار کراوە.