پارەی گەنم بەسەر دەیان جووتیاری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر تەواوی وردەکارییەکانی پڕۆسەکە ئاشکرا دەکات
دوابەدوای گەیشتنی پارەی گەنمی جووتیاران بڕیارە سبەی شایستە دارییەکان دابەش بکرێت، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر تەواوی وردەکارییەکانی پڕۆسەکە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر لەبارەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سبەی یەکشەممە دابەشکردنی چەکی جووتیاران دەستپێدەکات و سەرەتا پێویستە جووتیاران سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکات بۆ وەرگرتنی چەکەکی دواتر سەردانی بانکی تی بی ئای بکات بۆ وەرگرتنی پارەکەی.
ئەوەی پێویستە، جووتیاران لە گەڕەکی بەختیار و لە ماجدی مۆڵی شاری هەولێر دەتوانن سەردانی لقی بانکی تی بی ئای بکەن بۆ ڕادەستکردنی چەک و وەرگرتنی پارەکانیان.
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئەو جووتیارانە ئاگادار دەکاتەوە، کە لە زنجیرەی 1 تاوەکو زنجیرەی 150 گەنمەکانیان رادەست کردووە، جەختیش لەوەدەکاتەوە، ئەو جووتیارانەی لە زنجیرەی لە 150 بەرەو سەرەوەیە سەردان نەکەن و چەکیان پێنادرێت.
لەسەر هەژمارکردنی پارەی تەنی گەنمی جووتیاران ئاماژە بەوەدەدات، بەگوێرەی پشکنینی جۆری گەنمەکان پارەی تەن هەژمار دەکرێت و گەنمی بەبێ لێبڕین و بە لێبڕین نرخەکەی دیاری دەکرێت.
لەبارەی وادەی پڕۆسەی دابەشکردنی چەکی جووتیاران بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دووپاتیکردەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا ڕۆژی پێنجشەممە بێ وەستان بەردەوام دەبن.
جێگەی باسە، لە بڕی 97 ملیار و 779 ملیۆن تەنیا یەک کوژمەی 20 ملیار دیناری بۆ سایلۆی هەولێر تەرخانکراوە.
لە ڕۆژی 10ـی 6ـی 2025، دەستکرا بە وەرزی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و لە 20ـی 7ـی 2025 پڕۆسەکە کۆتایی هات.