6 کەسی دیکە لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە لەسێدارە دران

ئێران بەردەوام لە دەستگیرکرنی ئەو کەسانەی لەە وڵاتەکەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکەن و ئەمڕؤ 6 کەسی دیکەیان لە سێدارە دا
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران شەش کەسی دیکەی بە تۆمەتی پەیوەندی بە ئیسرائیل و ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی لە ناو خاکی ئێران لەسێدارە دا.
ئەمڕۆ شەممە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەسێدارەدانی 6 کەسی ڕاگەیاند، کە تۆمەتەکانیان پەیوەندی و کارکردن بۆ وڵاتی ئیسرائیل، ئەنجامدانی ژمارەیەک تەقینەوە و کردەی تیرۆریستی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە لە ناو خاکی ئێران، هەروەها تیرۆرکردنی چەندین کەس لە ئەفسەر و کەسە سەربازییەکانی ئێرانیش بەشێکی دیکە لە تۆمەتەکانیان بووە.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان گیرایە بەر و دادگای باڵا بڕیاری دا، ئەمڕۆ شەممە 6 کەس کە لە ڕێگەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی چەکداری و بۆردوومانەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاسایشی پارێزگای خوزستانیان کردە ئامانج، سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا جێبەجێ کرا.
دەسەڵاتی دادی ئێران ڕاشیگەیاندووە، ئەم تۆڕە دەستیان هەبووە لە تیرۆرکردنی ژمارەیەک لە کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسەوانی ئاسایش، ئەوان دانیان بە پلاندانان و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەدا ناوە، وەک دروستکردن و چاندنی تەقەمەنی، تەقاندنەوەی وێستگەیەکی غاز لە خوڕەمشەهر، هێرشی چەکداری بۆ سەر بانکەکان، فڕێدانی نارنجۆکی دەستی بۆ ناوەندێکی سەربازی و تەقەکردن لە مزگەوتەکان.