حەماس بە داواکەی ترەمپ رازی بوو

حەماس لە وەڵامی پێشنیازەکەی ترەمپ ئامادەیی خۆیان بۆ دانووستان و ئازادکردنی بارمتەکانیان نیشاندا.
حەماس ڕەزامەندیی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و رادەستکردنی تەرمی کوژراوەکانی راگەیاند، ئەمەش بە پشتبەستن بە پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ.
ئەمڕۆ هەینی، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەی دایەوە و نوووسیوانە، هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، وڵاتانی دیکە و سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە، ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەرز دەنرخێنین.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی حەماس دا هاتووە، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل، ڕەزامەندیمان لەسەر ئازادکردنی هەموو دیلە زیندووەکان و تەرمەکان بەپێی پێشنیازەکەی ترەمپ ڕادەگەیەنین و ئامادەیی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بچینە نێو دانوستانەکانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو وردەکارییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، ترەمپ پێشتر لە رۆژی سێشەممە. 30-9- 2025 چوار ڕۆژ مۆڵەتی بۆ حەماس دانابوو بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازە 20 خاڵییەکە، دواتر ئیسرائیل هەر زوو پێشنیازەکەی قبووڵ کرد و وڵاتانی نێوەندگیر و یەکێتی ئەوروپا پێشوازییان لە پێشنیازەکە کرد.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی، دەبێت تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە داهاتوو بە کاتی واشنتن، واتە 01:00ـی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر و غەززە، بە رێککەوتن رازی ببێت، ئەگەرنا رووبەڕووی "دۆزەخێک" دەبنەوە کە کەس پێشتر وێنەی نەبینیوە.