هاتووچۆی هەرێم: هەر کەسێک دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بکات سزا دەدرێت

هاتووچۆی هەرێم هۆشداری لە سەرپێچییەک دەدات کە ئەگەر بێت و شۆفێران بیکەن بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن
هاتووچۆی هەرێم لەبارەی بڵاوبوونەوەی کەرستەیەک کە بۆ شاردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەکاردێت ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم ڕایگەیاند، لە هەندێک پەیج و ئەکاونتەکان ڕیکلام بۆ کەرستەیەک دەکرێت، کە بۆ شاردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەکادێت، بەشێوەی دەراب و بە ڕیمۆت کۆنترۆل کار دەکات دادەخرێت و دەکرێتەوە بۆ شاردنەوەی تابلۆ.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاگاداری شوفێران دەکەینەوە کە هەر ئۆتۆمبێلێک ئەم کەرستەیە بەکار بهێنێت ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەر دادەگیرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و سزای توند دەدرێت، هاوکات هەر شوێنێکی جوانکاری ئۆتۆمبێل ئەم بابەتە بفرۆشێت شوێنەکەی دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم جەختیش دەکاتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک شاردنەوە و لابردن و دەستکاری کردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل ڕێگا پێدراو نییە و ئەنجامدەرانی بەتووندترین شێوە سزا دەدرێن.