22 بەرپرسی عێراق دەستگیر دەکرێن

22 بەرپرسی عێراق بە هۆکارێک فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە
فەرمانی دەستگیرکردن و ئامادەبوونیان لە دادگە بۆ 22 بەرپرسی عێراق دەرچووە و هۆکاری فەرمانەکەش بۆ زۆربەیان وەکو یەکترە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا کۆی چالاکییەکانی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە چەند بابەتێکی وەکو دەستگیرکردنی چەندین بەرپرس و پلەداری تایبەتی عێراق کردووە، کە بەهۆی گەندەڵی و گرفتی داراییەوە فەرمانەکەیان بۆ دەرچووە.
لە ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق بۆ مانگی ئەیلوولی 2025، تاوەکو ئێستا 154 گومانلێکراو بە تاوانی گەندەڵی دەستگیرکراون، 85 تۆمەتباریش بە تاوانی گەندەڵیی ئاشکرا لە زیندانن، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن و ئامادەبوونیان لە دادگە بۆ 22 بەرپرسی پلە تایبەتیش دەرکراوە، کە بە زووترین کات دەبێت خۆیان بناسێنن و ئامادەی وەڵامدانەوە بن.