عێراقییەکان هەرزانفرۆش دەکرێن
مافیا و بازرگانانی مرۆڤ و ئەندامانی جەستەی مرۆڤ تۆڕەکەیان لە عێراق بەرفراوانتر بووە
عێراقییەکان بۆ فرۆشتن بە تاک و کۆ
دوور لە هەر جۆرە چاودێرییەک بازاڕێکی کراوە بۆ مافیاکانی عێراق دروستبووە، تاوەکو ملیاران دۆلار لە ڕێگای بازرگانی بە مرۆڤ و ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە بەدەستبهێنن و لەسەتا 10ـی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بۆ سەرانسەری دونیا بگوازنەوە.
چیتر دەقە یاساییەکانی عێراق بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە یەک لەدوای یەکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە، ناتوانن چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن، تۆڕی بەربڵاوی مافیای بازرگانیی مرۆڤ لە عێراق تا دێت گەورەتر دەبێت، ئەوان بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی داڕماوی ئابووریی عێراق گەنجان و خەڵکی فەقیر فریو دەدەن، تاوەکو ئەندامانی جەستەیان بفرۆشن لە پێناو مشتێک پارە، جا فەرقی نییە کەسێک بێت یان چەندین کەس، لە گورچیلەوە بگرە تاوەکو ئەندامانی دیکەی جەستە، هەرچیت بوێت ئەو مافیایانە بۆت دابین دەکەن، با لەوسەری جیهانیش بیت، وەکو گەیاندن بۆت دەهێنن و تەنیا پارە دەناسن.
ئەمە ئەو کارەساتەیە کە نووسینگەی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ نەهێشتنی تاوانەکانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و مرۆڤەوە هۆشداریی لەبارەوە داوە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر مافیاکان بەمشێوەیە بەردەوام بن و حکومەتی عێراق خەمێک لەم دۆخە نەخوات، ئەوا خەڵکی هەژاری عێراق هەرزانفرۆش دەکرێن.