داوا لە بانگەشەکاران دەکرێت لە دواوەی بارهەڵگر سەرنەکەون

لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردن هۆشداری دەدرێتە لایەنە سیاسی و بەربژێرەکانی هەولێر
بڕیارە سبەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێبکات و هاتووچۆی هەولێر هۆشدرای دەداتە لیست و بەربژێرەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردەوە، بەهۆی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، داوا لە سەرجەم لیست، ڕەوت، لایەنە سیاسی و بەربژێرە بەشدارەکان دەکەن، وێنە و پۆستەری بەربژێرەکان و بڵاوکراوەکانیان بە ستوونەکانی ترافیک لایت و هێماکانی هاتووچۆ هەڵنەواسن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وێنەی گەورە لە نزیک سوڕانەوەکان و سەر شۆستەی چوار ڕیانەکان دانەندرێت کە دەبێتە هۆکاری بەربەستی بینین لەبەردەم شوفێران.
لەبارەی هەڵواسینی پۆستەرە گەورەکان ئاماژە بەوە کراوە، کە دەبێت بە باشی بچەسپێنن بۆ ئەوەی بەهۆی ڕەشە باوە بەرنەبنەوە سەر شەقامەکان و زیان بە ئۆتۆمبێل و بەکارهێنەرانی شەقام نەگەێنن و جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆ دانەپۆشن بە ئاڵا، لۆگۆ و وێنەی بەربژێرەکان".
بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر داوایەک ئاڕاستەی بانگەشەکاران دەکات، لە دواوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر سەرنەکەون و جەستەیان لە جام و سلایدی ئۆتۆمبێلەکان نەهێننەدەرەوە، ڕێگاو شەقامە گشتییەکان نەگرن لەپێناو دروست نەبوونی جەنجاڵی هاتووچۆ، پاراستن، سەلامەتی گیانیان و ڕوونەدانی ڕووداوی هاتووچۆی نەخوازراو.
لە کۆتاییدا هاتووە، دەخوازن وادەی بانگەشە کە لە کەشێکی هێمن و دیموکراسیدا بەڕێوە بچێت دوور لە سەرپێچی یاسا و ڕێنمایەکانی هاتووچۆ.