سزای سەرپێچیکارانی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری کرا

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ جۆر سزا بۆ ئەگەری سەرپێچیکردن لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکان دیاریدەکات
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، هەر بەربژێرێک پێچەوانەی یاساکانی بانگەشەکردن بجووڵێتەوە، بەپێی سەرپێچییەکەی بە شێوەی جۆراوجۆر سزا دەدرێت.
سبەی هەینی، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بە ڕۆژی یەکەم و دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە، بەربژێر و لایەنەکان سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ دەستپێکردنی بانگەشەکانیان، کۆمیسیۆنەکەش ڕایگەیاندووە، هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی سزاکانەوە ڕایگەیاندووە، بەپێی ڕێنمایی و بەرچاوڕوونییەکان کە بە کاندیدەکان دراوە، ئەگەر هەر کەسێک سەرپێچی بکات بە هیچ شێوەیەک لێی خۆش نابین و سێ جۆر سزامان لەبەرچاو گرتووە، کە بریتین لە پێبژاردن لە 100 هەزار دینارەوە تاوەکو 10 ملیۆن دینار، هەروەها لە ئەگەری سەرپێچیی قورستر، بەندکردن و دوورخستنەوەش بەشێکی دیکە لە سزاکان دەبن.