پڕۆسەی دیموکراسی لە زۆنی سەوز بە تەواوی خنکێندراوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ژینۆ محەممەد، ئەندامی بەرەی گەل هۆشداری لە پڕۆسەی دیموکراسی دەدات و سەرکۆنەی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی دەکات
ئەندامێکی بەرەی گەل هۆشداری لە دۆخی ئەمنی و سیاسی ئێستای کوردستان و زۆنی سەوز بە تایبەتی دەدات و دەڵێ، تروسکاییەک بۆ ئازادی و خەڵکانی ئازادیخواز لەم زۆنە نەهێڵدراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژینۆ محەممەد، ئەندامی بەرەی گەل لە هەژماری فەرمی خۆی لە فیسبووک ڕایگەیاند، پڕۆسەی دیموکراسی لەو زۆنەی ناویان ناوە زۆنی سەوز بە تەواوی خنکێنراوە و تروسکاییەک بۆ ئازادی و خەڵکانی ئازادیخواز نەهێڵدراوەتەوە، تەنانەت لەژێر دروشمی سۆشیال دیموکرات و بە بەکارهێنانی ناوی بەرزترین و شەرعیترین دامەزراوەکانی دەوڵەت کە دادگەکانن، لە نێوجەرگەی سلێمانی و بە بەرچاوی هەموو دنیاوە بە دەبابە و درۆن و جۆرەها چەکی قورس و هەزاران چەکدار هێرشیان کردە سەر سەرۆکی بەرەکەمان و هاوڕێیانمان و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، دەیان هاوڕێ و هەڤاڵیان دەستگیر کردین و بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ کردن کە ئەو مامەڵەیە لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستیش دا ناکرێت.
لە درێژەی نووسراوەکەی ژینۆ محەممەد دا هاتووە، تا ئەمڕۆش کە نزیکەی مانگێک و نیوە لە زیندانن و هەموو ڕێ و شوێنەکانی زیندانی و مامەڵە کردن و هێنان و بردنیان و گواستنەوە و شوێنی هێشتنەوەیان دور لە هەموو بنەما یاساییەکان پەیڕەو دەکرێت، هەموو ئەوانەی بەرامبەر بە سەرۆکی ڕەوتەکەمان و ئێمە و هاوڕێیانمان کرا نەیتوانی ئیرادە و ویستی ئازادیخوازانەی ئێمە و هەڤاڵانمان و باوەڕمان بەو ئامانجانەی بۆی تێدەکۆشین لاواز بکات.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە ژینۆ محەممەد جەخت دەکاتەوە، کە ناوچەکە و جیهان لەبەردەم ئاڵۆزی و گۆڕانکاری گەورەدان و پێویست بوو لە ئان و ساتێکی وەهادا خەمی گەورەمان داهاتووی گەلەکەمان بوایە کە لە کوێی گۆڕانکارییەکانی داهاتوودایە و چۆن لە مەترسییەکان بیپارێزین بەڵام بەداخەوە ئەوەتا بە بەرنامەی هاوردەکراو خەریکی پێچەوانەکەن.