پایتەخت

خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەستپێدەکات

خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەستپێدەکات
کورتە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین زانیاری ورد بۆ پایتەخت دەخاتەڕوو

ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بە ئیدارەی ڕاپەڕین کۆتایی هاتووە، بڕیارە خۆتۆمارکردن دەستپێبکات و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین زانیاری ورد بۆ پایتەخت دەخاتەڕوو.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بە چڕی کارە دەکەن بۆ گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەوان چاوەڕێی تیمی پڕۆژەی ڕووناکی دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە تەواوی ئیدارەی ڕاپەڕین بە یەک کات و سات.

 

وادەی خۆتۆمارکردنی هاووڵاتییان ئاشکرا دەکات، بە ئەگەری زۆرەوە لە هەفتەی ئایندەدا پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە ئیدارەکە و خۆتۆمارکردنی هاووڵاتییان دەستپێدەکات.

 

بەگووتەی عەلی محەممەد، هەر کەسێک پێوەری زیرەکی نەبێت ئەوا تووشی سزای دارایی دەبێت، سزاکە لە 60 هەزارەوە دەستپێدەکات تا 2000 هەزار دینار.

 

 بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین لە ڕێگەی پایتەخت میدیاوە داواکاری ئاڕاستەی هاووڵاتییان دەکات، بە پێی پێویستی کارەبا بەکار بهێندرێت و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ کارەبای 24 کاتژمێریی، ئەوان هاوکاری تەواوەتی هاووڵاتییان دەبن.

 

پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابین کردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان.

 

شایەنی باسە، ئیدارەی ڕاپەڕین یەکەیەکی ئیداریی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە دەکەوێتە باکوری پاڕیزگای سلێمانی ئەم یەکە ئیدراییە لە ھەردوو قەزای (ڕانیە و پشدەر) پێکدێت، ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین ناوەندی قەزای ڕانیەیە.

01 تشرینی یەکەم 2025 22:44 104
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025