هیچ قاتوقڕییەک و کەمی خوارد لە غەززە بوونی نییە

لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس باڵیۆزێکی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە ئەمە دوایین ئۆفەرە پێشکەشی حەماسی دەکەن
باڵیۆزێکی ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە دانیشتووانی کەرتی غەززە بەدەست برسییتەییەوە بناڵێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی گاری کۆرێن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە کڕواتیا بە کەناڵی ئێن وەنی ڕاگەیاند، لە 7 ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە خواردن و هاوکاری بۆ غەززە نێردراوە، بەشێوەیەک، کە بۆ هەر کەسێک لەو کارتە خواردنی زیاد لە پێویست بوونی هەیە.
ناوبراو لە بارەی ئۆفەرەکەی نەتەنیاهو و دۆناڵد ترەمپ بۆ بزوتنەوەی حەماس لە بارەی ڕاگرتنی جەنگ لە غەززە گووتی، ئەوە باشترین ئۆفەرە کە پێشکەشی حەماسی دەکەین، بەڵام گەورەترین ناوزڕاندن دەبێت بۆ گەڵی فەڵەستین ئەگەر بێت و ڕەتی بکەنەوە، وە کەمتر لە 24 کاتژمێریان ماوە بۆ قبووڵ کردنی.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، تەنیا 4 ڕۆژ بە حەماس دەدەین بۆ ئەوەی وەڵامی پلانی ئاگربەستی غەززە بدەنەوە، چاوەڕێی حەماس دەکەن، ئاشکرا نییە وەڵامی حەماس چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر ڕەتی بکەنەوە ئەوا کۆتاییەکی زۆر خراپ چاوەڕێیان دەکات.
ئەگەر حەماس بە پێشنیازەکە ڕازی بێت دەست بەجێ ئاگربەست لە غەززە ڕادەگەیەنرێت و شەڕ کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر ڕازی نەبێت، ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی تەواوی بزووتنەوەی حەماس دەست بە هێرشکردن دەکات.
دوای ئاگربەست ترەمپ سێ خاڵی پێشنیاز کردووە:
- خەڵکی غەززە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.
- حەماس چەک دادنێت و بەشدار نابێت لە حوکمڕانی لە ناوچەکە.
- ڕێگایەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی دەدۆزرێتەوە.