حکومەتی ئەمریکا پەکخرا

دوای ئهوهی كۆنگرێس شکستی لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە هێنا حکومەتی ئەمریکا پەکخرا
بۆ 15ـەمین جار لە مێژوودا حکومەتی ئەمریکا پەکخرا و سەدان هەزار کارمەند دەنێردرێنە ماڵەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی یاسادانەران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی دانوستانەکان لەسەر داواکارییەکانی دیموکراتەکان بۆ دابینکردنی پارەی چاودێری تەندروستیی، نەیانتوانی بنبەستی بودجە بشکێنن، بەمەش حکومەتی ئەمریکا بە فەرمی پەکخرا و کارەکانی وەزارەتەکان ڕاگیران.
پەکخستنی حکومەت بریتییە لە داخستنی بەشێکی یان تەواوەتی چالاکییەکانی حکومەتی فیدراڵ، ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە کۆنگرێس شکستی دەهێنێت لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارەکانی حکومەت لە 1ـی ئۆکتۆبەر، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی سیاسی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر بڕگەکانی بودجە ڕوویدا.
هاوکات پەکخستنی حکومەت دەبێتە هۆی ناردنەوەی 750 هەزار کارمەندی فیدراڵی بۆ ماڵەوە بەشێوەیەکی کاتیی و تاوەکو چارەسەرکردنی کێشەکە، کە کۆی مووچەی رۆژانەی ئەو کارمەندانە 400 ملیۆن دۆلارە و هاوکات پەککەوتنی راگەیاندنی ئامارە گرنگە ئابوورییەکانی ئەمریکا، سستبوونی گەشتە ئاسمانییەکان و وەستانی توێژینەوە زانستییەکانی لێدەکەوێتەوە،
لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوی خەرجییەکانی حکومەت دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکرێت نزیکەی 300 هەزار کارمەندی حکومەت بە فەرمی تا مانگی 12 لە کارەکانیان دوور بخاتەوە.
داخرانی ئەمجارەی حکومەتی ئەمریکا، دەبێتە 15یەمین داخران لەدوای ساڵی 1981ـەوە و تا ئێستا زۆرترین ماوەی پەکخستنی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی 2018 بووە کە 35 ڕۆژی خایاند.
دوای پەکخستنی حکومەت، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە هەژماری خۆیان لە فەیسبووک ڕایگەیاند، لە ئێستادا و لەم کاتەدا کە خەرجیەکان ڕاگیراون، خزمەتگوزاریی پاسپۆرت و ڤیزە کە پێشتر وادەیان بۆ دیاریکراوە لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتان بەردەوام دەبن بە پێی لەباریی دۆخەکە، لەم هەژمارەوە هیچ پۆستێکیان نابێت تا کاتی دەستپێکردەنەوەی تەواوی کارەکانیان.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڵاوکردنەوەی زانیاریی خێرای پەیوەست بە سەلامەتی و ئاساییش لەم ڕاگرتنە بەدەردەبن، بۆیە سەردانی ماڵپەڕی (travel.state.gov) بکەن بۆ زانیاریی دەربارەی دۆخی کارکردن و خزمەتگوزاریەکان.