لەسەر 3 تەوەرەی گرینگ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بارودۆخى دارایی هەرێمى کوردستان و خەرجیی و داهاتە نانەوتییەکان و بەشى گەنجینەى فیدڕاڵى لەو داهاتانە دەکات
بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر سێ تەوەرەی گرینگ کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و لە تەوەرەی یەکەمدا وەزیری دارایی و شاندی دانوستاندنکاری هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دوایین زانیارییەکان لەبارەی بارودۆخی دارایی نوێی هەرێمی کوردستانەوە دەخەنەڕوو.
ئەم تەوەرە گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی دەکات، لەوانەش وەک: خەرجییەکان دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی هەناردەکردنی نەوت، بابەتی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چۆنیەتی دیاریکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی، دواتریش ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم سەبارەت بەو بابەتانە دەخرێتە دەنگدان و بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت.
لە تەوەرەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی هەڵووەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە 2132ـی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم دەکرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بڕگەکانی ئەو بڕیارە لەگەڵ یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2021 کە تایبەتە بە فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ناگونجێن.
تەوەرەی سێیەم و کۆتایی بریتییە لە "ڕێبەری سەلامەتی"، کە لەلایەن وەزارەتی نێوخۆوە دەرکراوە، ئامانج لێی پاراستنی گیان و سامانی هاوڵاتییانی هەرێمە، بەمەش داوا دەکرێت دەسەڵات بدرێتە وەزیری ناوخۆ بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بە مەبەستی ئاسانکاری و جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی بە شێوەیەکی کاریگەر.