گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانە دژی سلێمانییە

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دەربارەی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانە هاتە دەنگ
بڕیارە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی دەستەی داکۆکیکردن کارەکە بە دژی سلێمانی ناو دەبات.
ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، تاڵەبانی زیاتر لە نیو سەدە لە تەمەنی خۆی بۆ گەلەکەی تەرخانکردووە بەڵام ئەمە پاسا و نییە بۆ ئەوەی ڕێکخراوێکی حزبی و سەر بە ماڵباتی تاڵەبانی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ بڕیاری گۆڕینی ناوی ئەو دامەزراوەیە بدرێت.
بەگووتەی دەستەکە، هەنگاوی ناو گۆڕینی فڕۆکەخانەی سلێمانی جگە لەوەی دژی مێژووی سلێمانییە وەکو درۆی ئەو پەسن و پێداهەڵدانەش بە ڕوونی دەردەخات کە ناو بە ناو و بەتایبەتی لە دەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ڕاگەیاندن و سەرکردەکانی یەکێتی، سلێمانی وەکو "شاری شاران" وەسف دەکەن.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی جەخت لەوەدەکاتەوە، گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە سەرپێچییەکی گەورە دەزانن و داوا دەکەن لەسەر مانەوەی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک خۆی.