ناوی فرۆکەخانەی سلێمانی گۆڕا

فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ناوەکەی گۆڕا بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی لەمەودوا بەم ناوەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت.
بە ڕەزامەندی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی فرۆکەخانەی سلێمانی گۆڕا.
ئەمڕۆ سێشەممە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ناوەکەی گۆڕا بۆ فرۆکەخانەی (جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی)، لەمەودوا بەم ناوەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت.
هەر یەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوە، رەزامەندیی لەسەر داواکاریی گۆڕانی ناوی فڕۆکەخانەکە داوە، کە لەلایەن "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی"ـیەوە پێشکێش کرا بوو.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ساڵی 2003 بەردی بناخەی بۆ دانرا و ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.