سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دووبارە کۆدەبنەوە

بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی باڵا کۆببنەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی حکومەت دەبێت.
بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرینگ کۆبوونەوەی باڵای نێوان یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت و تێیدا پرسی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکدێت لە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، شاندی یەکێتیش بریتین لە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ.
هەر ئەمڕۆ دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پەیوەندی پارتی و یەکێتی باشە و هەردوولا ئومێد دەکەن لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەسەر ئەو خاڵانە رێکبکەوین کە هێشتا ماون.
ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری کۆبوونەوەی سێ ڕۆژ لەمەوبەری نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانییە و بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.